لە باکووری کوردستان و تورکیا، کچێکی گەنجی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی نوریژیان ئەزەر نزیکەی سێ هەفتەیە بێسەروشوێنە و چارەنووسی نادیارە، دایکیشی پۆلیس بە کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان تۆمەتبار دەکات.
نوریژیان ئەزەر، کە دانیشتووی شارۆچکەی تەرسوسی سەربە مێرسینە، لە 5ـی ئەیلوولەوە بە مەبەستی کارکردن لە ماڵ دەرچووە و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە و پەیوەندییەکانی پچڕاون.
دایکی نوریژیان ڕایگەیاند، هەر لە دووەم ڕۆژی دیارنەمانی کچەکەیەوە دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بۆی دەرکەوتووە کە پۆلیس دۆسیەکەی ئاڕاستەی داواکاری گشتی نەکردووە و هیچ هەوڵێکی جددی بۆ دۆزینەوەی کچەکەی نەدراوە.
دیارنەمانی نوریژیان لە کاتێکدایە کە دۆسیەی هاووڵاتییانی بێسەروشوێن لە تورکیا و باکووری کوردستان نیگەرانیی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە؛ لەوانەش دۆسیەی گوڵستان دۆکوی تەمەن 21 ساڵ، کە لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020ـەوە لە شاری دێرسیم بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.