نادیە موراد، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی (سەرەتای خۆم هەڵدەبژێرم) تیشک دەخاتە سەر گەشتەکەی لە ڕزگاربوویەکەوە بۆ چالاکوان، و جەخت لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی خۆشی دوای زەبر و زەنگ دەکاتەوە.
نادیە موراد، کە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنرا و دوای قوربانییدانی خێزانەکەی بووە سیمبولی بەرەنگاربوونەوە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا باسی لە ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی کردووە.
ئەو ئاماژەی بەوە داوە کە لەم کتێبەدا، پێچەوانەی کتێبی یەکەمی (دوا کچ)، کۆنترۆڵی زیاتری بەسەر گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەبووە و تێیدا باسی لە ڕۆڵی کاریگەری دایکی دەکات وەک فێمینیستێک کە لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا داکۆکی لە مافەکان کردووە.
دەڵێت: "ئەم کتێبە خۆشەویستی، شادی، پێکەنین و ماندووبوونی چالاکییەکانیشی تێدایە که یارمەتیدەر بوون لە ڕزگارکردنم."
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیامی سەرەکیی کتێبەکە ئەوەیە کە دەبێت ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی لە ناوەندی بڕیار و کارەکاندا بن و کۆمەڵگەی جیهانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری پێکەوە دەبەسترێنەوە.