هەوڵێک لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی بەنزینخانەی ئەندەلوس لە گەڕەکی تەپە تایبەت بکرێت بە ژنان، بە ئامانجی هاوکاریکردنی شۆفێرانی ژن و ڕێگەگرتن لە هەر کێشە و ڕەفتارێکی نەشیاو کە لە وێستگەکانی دیکەدا ڕوو دەدەن.
ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە ڕێگەی ئەنجوومەنەکەوە نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی لقی کەرکوکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە.
لە بەرامبەردا، لقی کەرکوکی کۆمپانیاکە لە 20ی ئەیلوولی 2026دا ڕایگەیاند، نووسراوەکەیان بەدەست گەیشتووە و ڕەوانەی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان کردووە لە بەغدا، لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرووتر دایە.
لە کۆی 72 بەنزینخانەی حکومی و بازرگانی لە پارێزگای کەرکوک، بەنزینخانەی ئەندەلووس تاکە وێستگەی حکومییە، کە خزمەتگوزاری بە سێ گەڕەکی ڕەحیماوا، سەرچنار و تەپە پێشکەش دەکات.