ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە 20ی ئەیلولی 2026دا ڕایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بەغدا دوو سزای جیاوازی بەسەر دوو ئەندامی گروپی قورباندا سەپاندووە، بە جۆرێک تۆمەتباری یەکەم بەهۆی هەبوونی بیروباوەڕی لادەر و هاندانی تۆمەتباری دووەم بۆ خۆکوشتن، بەپێی مادەی نۆ لە یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس و قەوارە و پارت و چالاکییە ڕەگەزپەرست، تیرۆریستی و تەکفیرییەکان سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و هاوڵاتیی دووەمیش بە هەمان مادەی یاسایی سزای ساڵێک بەندکردنی بۆ دەرچوو.
گروپی قوربان، کە بە "عەلەوڵاهییەکان"یش دەناسرێن، گروپێکی ئایینیی شیعە مەزهەبن و سەرەتا لە قەزای سووقولشیوخی پارێزگای زیقار سەریانهەڵدا و دواتر پەلیان بۆ بەسرە، نەجەف، میسان و واست کێشا.
مەترسیدارترین کاری ئەم گروپە ئەوەیە لە کاتی کۆبوونەوە و بۆنە ئایینییەکاندا تیروپشک لە نێوان ئەندامەکانیاندا دەکەن و ناوی هەر کەسێک دەربچێت، دەبێت وەک قوربانی بۆ ئیمامی عەلی لە ڕێگەی خۆهەڵواسین یان شێوازی دیکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین هەڵمەتی بەرفراوانی لە پارێزگاکانی باشوور و بەغدا ئەنجام داوە و دەیان سەرکردە و ئەندامی ئەم گروپەی دەستگیر کردووە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش ئەم بزووتنەوەیەی وەک "گروپێکی تەکفیری و تووندڕەوی قەدەخەکراو" پۆلێن کردووە و بە گوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تەکفیر سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.