شەوی ڕابردوو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بە ئامادهبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
لە دانیشتنەکەدا ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان و یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکان لە بوارە جیاوازەکاندا خرانەڕوو.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیاندراوێکدا پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی عێراق، ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی و دابینکردنی هەلی کاری نوێ.
هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ رێکارەکانی حکومەت دووپات کردەوە لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەروەربوونی یاسا و گەڕاندنەوەی سەرمایە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت و جەختی لەسەر بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی گشتی لە وڵاتدا کردەوە.