ڕاستەوخۆ

لە لوڕستان وێنەی سەدان ژن و کچ دەستکاری دەکرێت؛ بەهۆیەوە چەند کەسێک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە

reset font size increase font size

بڵاوبوونەوە و دەستکاریکردنی وێنەی تایبەتیی سەدان ژن و کچ لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە؛ بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا چەندین کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و چوار تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرانی کەناڵێکی تێلێگرام وێنەی پرۆفایلی سەدان ژن و کچی تەمەن 15 بۆ 30 ساڵیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بردووە و بە شێوازێکی نائەخلاقی دەستکارییان کردوون. دواتر وێنەکانیان لە کەناڵەکەیاندا کە ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتووەتە 20 هەزار کەس بڵاوکردووەتەوە و چیرۆکی ساختەیان بۆ دروستکردوون، گوایە ئەو کچ و ژنانە بەدوای هاوسەرگیریی کاتیدا (سیغە) دەگەڕێن.

داواکاری گشتیی لوڕستان ڕایگەیاندووە تاوەکو ئێستا 200 کەس لەسەر ئەم کەیسە سکاڵایان تۆمارکردووە. پۆلیسی ناوچەکەش ڕایگەیاندووە چوار تۆمەتباری دۆسیەکەیان دەستگیرکردووە.

تۆمەتبارەکان لە ڕێگەی ئەم وێنانەوە باجیازییان لە قوربانییەکان کردووە و داوای پێدانی پارەی دیجیتاڵییان (کریپتۆ) لێکردوون بەرامبەر سڕینەوەی وێنەکانیان؛ ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێک لە قوربانییەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر دراوی دیجیتاڵی نەبووە.

بەهۆی ئەوەی پارێزگای لوڕستان ناوچەیەکی کۆمەڵایەتیی خۆپارێزە، بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە کارەساتی گەورەی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تاوەکو ئێستا سێ منداڵ و کچێکی 18 ساڵان بە ناوی "ئەسما" کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هاوکات چەندین خێزان و پرۆسەی هاوسەرگیری هەڵوەشاونەتەوە و بەشێک لە ژنانیش لە کارەکانیان دەرکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئاماژەکانی ئەم دیاردەیە لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێش سەریانهەڵداوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.