وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت؛ نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەستیش گومان لە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم پەروەردەکان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، مووچەکانیان "هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ڕۆژ و کاتێکی دیاریکراو بکات.
لە بەرامبەردا، کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی دەربارەی لێدوانەکەی وەزیری پەروەردە دەربڕی و ڕایگەیاند: "پێمان وانییە هەفتەی داهاتوو مووچەی سەرجەم پەروەردەکان دابەش بپۆشڕێت، چونکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان کردووە و دەڵێن بڕی پێویست پارەمان بەردەست نییە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بیدەینە سەرجەم مامۆستایان."
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو تەنیا بتوانرێت مووچەی دوو بۆ سێ پەروەردە بدەرێت.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 39 هەزار مامۆستایە و مانگانە پێویستییان بە 18 ملیار دینارە، کە لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت. مووچەی ئەم توێژە بە گشتی دوو بۆ سێ هەفتە دوای دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی دیکەی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت؛ بەو هۆیەوە بڕیارە لەم ماوەیەدا سەردانی وەزیری دارایی بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان.