ڕاستەوخۆ

حکومەتی عێراق: کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرهەمهێنان زیاد بکەن

reset font size increase font size

عێراق هەوڵ دەدات تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بگەیەنێتە نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ستافی باڵای وەزارەتی نەوت لە بەغدا، پلانێکی ستراتیژی بۆ گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵانی ٢٠٢٧ تا ٢٠٣٠ هەڵسەنگاند.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەبێت لەگەڵ قەبارەی یەدەگە نەوتییەکان و پێداویستییەکانی وڵات بگونجێت، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشەپێدان.

لە کۆبوونەوەکەدا، رێنمایی درا بە زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی کێڵگە نوێکانی گەڕان بۆ نەوت، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی پلانەکە.

زەیدی هەروەها جەختی لە پێویستی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی نەوت و تواناکانی هەناردەکردن کرد، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا زیاد بکات.

هەروەها وەزارەتی نەوتی راسپارد کۆنفڕانسێکی بەرفراوان ڕێکبخات و گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان بانگهێشت بکات، بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا بۆ پرۆژەکانی گەڕان، بەرهەمهێنان، گەشەپێدان و هەناردەکردنی نەوت.

بەپێی ئەم پلانە، بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تواناکانی هەناردەکردن بەشێکی سەرەکیی هەوڵەکانی بەغدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە بازاڕی وزەی جیهانی.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.