سەرۆکی ڕۆمانیا یاسایەکی واژۆ کرد، تێیدا بۆ یەکەمجار چەمکی ژنکوشتن دەچێتە نێو یاساکانی ئەو وڵاتە و سزای هەتاهەتایی بۆ بکەرانی دیاری کراوە.
نیکۆسۆر دان، سەرۆکی ڕۆمانیا، یاسای "بەرنگاربوونەوە دژی کوشتنی ژن"ـی پەسند کرد. ئەم یاسایە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا چەمکی "ژنکوشتن" بە فەرمی دەناسێنێت و سزای قورسی بۆ بکەرانی داناوە کە دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی.
بە گوێرەی ئەم یاسا نوێیە، ئەرکی دەوڵەت بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان لە چوارچێوەیەکی یاساییی کۆنکرێتدا جێگیر کراوە.
پێشتر لە یاساکانی ڕۆمانیادا، ئەم جۆرە تاوانانە تەنیا وەک "کوشتنی دڕندانە" پۆلێن دەکران، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی وەک تاوانێکی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێناسە کراوە.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە لە تشرینی یەکەمی 2025 پێشکەشی پەرلەمان کرابوو، پشتگیرییەکی فراوانی لێکرا و زیاتر لە 270 پەرلەمانتار لە هەموو پارتە سیاسییە جیاوازەکان واژۆیان لە سەر کردووە.
بەو هەنگاوە، ڕۆمانیا دەچێتە ڕیزی ئەو وڵاتە ئەوروپاییانەی وەک ئیتاڵیا، کرواتیا، قوبرس، ماڵتا و بەلجیکا کە چەمکی "ژنکوشتن"یان لە سیستمی یاساییی خۆیاندا جێگیر کردووە.