ڕاستەوخۆ

ژنانی ڕۆژئاوا کلتووری خوێندنەوەی ڕۆژنامەی ڕۆناهی دەپارێزن

reset font size increase font size

له‌ سه‌رده‌می باڵادەستیی میدیای دیجیتاڵی و شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا، کە تێیدا زۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهان چاپەمەنیی کاغەزییان ڕاگرتووە، لە ڕۆژئاوای کوردستان چیرۆکێکی جیاوازی مانەوە و بەرگریی کلتووری لەئارادایە.

ڕۆژنامەی "ڕۆناهی" سەرڕاڕی تەکنەلۆجیا و قەیرانە قورسە ئابوورییەکان، هێشتا لەسەر چاپکردن بەردەوامە و ژنانیش بوونەتە داینەمۆی گەیاندنی بە خوێنەران.

لەم نێوەندەدا، "دلبەر" و "ئامینە عەباس"، دوو ژنی پێشەنگ و چالاکی شاری قامیشلۆن، کە ڕۆژانە بەبێ گوێدانە کۆسپە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، شەقام بە شەقامی شارەکە دەگەڕێن بۆ دابەشکردنی ڕۆژنامەکە، بەو ئامانجەی ڕێگە نەدەن کلتووری خوێندنەوەی کاغەزی بمرێت.

ڕۆژنامەی "ڕۆناهی"، کە لە ساڵی 2011 و لەگەڵ سەرەتای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دامەزرا، وەک تاکە ڕۆژنامەی فەرمیی چاپکراوی ناوچەکە ماوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە هێشتا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرێت و بەشێوەیەکی مەیدانی دەگاتە دەستی خوێنەران، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی فرەزمانی و ناسنامەی کلتووریی ناوچەکە.

دلبەر و ئامینە لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەیانەوە، بەهۆی تێڕوانینی باوی کۆمەڵگاوە ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و ڕەخنە ببوونەوە، بەتایبەت بەرامبەر بەو لۆژیکەی، کە پێی وابوو "ئەمە کاری ژنان نییە". بەڵام ئێستا پاش ساڵانێک کارکردنی بەردەوام، پێگەیەکی پیشەیی و متمانەیەکی گەورەیان لەنێو بازاڕ و شەقامەکانی قامیشلۆدا بۆ خۆیان و کلتوری خوێندنەوە بەدەست هێناوە.

ئەو دوو ژنە چالاکە بە شانازییەوە باس لە کارەکەیان دەکەن و جەخت دەکەنەوە: "ڕۆژنامەی چاپکراو هێشتا بۆ نەوەی کۆن و ئەو کەسانەی کە دەستیان بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت ناگات یان حەزیان بە بۆنی کاغەزە، سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و گرنگی زانیارییە. پاراستنی کلتووری خوێندنەوەش ئەرکی هەمووانە و تەنها بۆ ڕەگەزێکی دیاریکراو نییە".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان