ڕاپۆرتێکی فەرمیی نوێ پەردە لەسەر قەبارەی ئەو کارەساتە ژینگەیییە لادەدات، کە ساڵانە ڕووبەڕووی سروشت و دارستانەکانی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوە. بەپێی داتا فەرمییەکان، دەستی مرۆڤ و بێباکی، هۆکاری سەرەکین بۆ لەناوبردنی سورووشتی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا"، ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە 2,500 هێکتار لە دارستان و پاوانەکانی پارێزگای کرماشان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە خۆڵەمێش دەبن. ئامارەکان نیشان دەدەن، کە تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 500 هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە زیانی خاپوورکەریان پێگەیشتووە و سووتاون.
ڕاپۆرتەکە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، بارانبارینی باشی ئەمساڵ بووە هۆی گەشەکردنی چڕی گژوگیا، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونیان، ئەم ڕووەکانە گۆڕاون بۆ هۆکارێکی سەرەکی بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی ئاگر.
سەرەڕای هۆکارە سروشتییەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ئاگر، هۆکاری سەرەکیی خودی ئاگرکەوتنەوەکان ژینگەیی نییە، بەڵکو 98٪ی ئاگرکەوتنەوەکان هۆکاری مرۆییان لەپشتەوەیە، کە بەهۆی بێباکی لە کاتی گەشتوگوزار یان بە مەبەستی قازانجی ئابووری (وەک دروستکردنی خەڵوز یان زەوتکردنی زەوی) دەکرێنەوە.
لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەم دیاردە مەترسیدارەدا، شارەزایانی بواری ژینگە هۆشداری دەدەن، کە ناکرێت و ناکرێت دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی کۆن و نەریتی بپارێزرێن.
شارەزایان جەخت لەسەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن، پاراستنی ئەم سەرمایە نیشتمانییە پێویستی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و وێنەی مانگە دەستکردەکان هەیە، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرکەوتنەوەیەکدا بە خێرایی شوێنەکە دەستنیشان بکرێت و پێش تەشەنەسەندنی کۆنترۆڵ بکرێت، نەک تەنها پشت بە هێزی مرۆیی و شێوازی سەرەتایی ببەسترێت.