ئامادەکردنی/ تاژان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە ڕایگەیاند: بەهۆی پیسکردنی ژینگە و فڕێدانی بڕێکی زۆر لە پاشماوەی پەلەوەرخانە لە ناوچەیەکی گەشتیاری، هێزە ئەمنییەکانی ناحیەی چوارقوڕنە شۆفێرێکیان دەستگیرکرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.
زانا ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە بە نوچە تیڤی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادارکراینەوە لە هەبوونی بڕێکی زۆر پاشماوەی پەلەوەر لە نزیک پردی هیزۆپ لە سنوری ڕاپەڕین، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە توانرا شۆفێری ئەو بارهەڵگرە بدۆزرێتەوە، کە پاشماوەکانی فڕێدابوو.
ئاماژەی بەوەش کرد: تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنوری ناحیەی چوارقوڕنە نییە و پاشماوەکانی لە دەرەوە هێناوە، لە ئێستاشدا بە فەرمانی دادوەر دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.
پردی هیزۆپ یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوری ڕاپەڕین و ساڵانە لە وەرزی بەهاردا هەزاران گەشتیار ڕووی تێدەکەن، بەڵام هاوڵاتیانی ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی فڕێدانی پاشماوەوە ماوەیەکە بۆنێکی ناخۆش لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.