هاوردەکردنی پانێڵی سۆلاری چینی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا (وزەی خۆر) بۆعێراق لە مانگی شوباتی 2026ـدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پلانەکانی بەغداد بۆ هەمە جۆرکردنی سەرچاوەکانی کارەبا.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، پشتبەستوو بە داتاکانی یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتن ڕایگەیاندووە، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پانێڵە هاوردەکراوەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی کە 530 مێگاواتە، ئەم بڕە زیاترە لە تەواوی هاوردەی ساڵی 2024 کە تەنها 430 مێگاوات بووە.
هاوکات، هەر بەگوێرەی داتاکان لە ساڵی ڕابردوودا تێکڕای هاوردەکردنی پانێڵی سۆلار (وزەی خۆر) 1.89 گێگاوات بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ناجێگیریی لە سیستمی کارەبای عێراق لە کاتی هەر گرفتێک لە غازی ئێرانی بە ڕوونی دەردەکەوێت کە 30٪ بۆ 40٪ـی پێویستی تۆڕەکە دابین دەکات، بۆیە عێراق هەنگاوی دیکە دەنێت لەم پێناوەدا.
ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئامانجی بەغداد لە زیادکردنی هاوردەکردنی پانێڵی سۆلارەوە تاوەکو بتوانێت، لەو ڕێگەیەوە تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی نوێبووە لە 2٪ـەوە بۆ 20٪ بەرزبکاتەوە.