ڕاستەوخۆ

وڵاتانی ئاسیا چی دەڵێن لەبارەی بارانی ژەهراوی؟  

reset font size increase font size

ڕاپۆرتی/ کوردستان لەزگییەڤا

ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێنج دامەزراوەی نەوتیان لە تاران و دەوروبەری بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە بڕێکی زۆر ماددەی ژەھراویی لەنێو بەرگەهەوادا بڵاوبووەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان، بڵاوبوونەوەی ئەم گازانە نەک تەنها بۆ ئێران، بەڵکو کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستیش هەیە.

کاریگەری پاڵاوگەکانی نەوت و دامەزراوەکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی بڕێکی زۆر بەرهەمی سووتانی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجینی لە هەوادا بڵاوکردووەتەوە و ئاسمانی ناوچەکەی تووشی کارەساتێکی مەزن کردووە.

لە ئێران شایەتحاڵەکان باسیان لە بارانی ڕەش کردووە - دیاردەیەک کە بەهۆی کەڵەکەبوونی دوکەڵ و ماددە پیسکەرەکانەوە دروست بووە. 

مانگی سوری ئێران دەستبەجێ هۆشداریدایە خەڵک لە مەترسی بارانبارینی ترشەڵۆک کە دەبێتە هۆی سووتانی کیمیایی بۆ سەر پێست و هەڵمی مەترسیدار کە زیان بە سیستەمی هەناسەدان دەگەیەنێت.

بەڵام بە گوێرەی زانیارییە نوێیەکان، کاریگەریی ئەو هێرشانە دەتوانێت زۆر زیاتر بێت و سنورەکانی ئێران تێدەپەڕێنێت. 

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەوری ژەهراوی دەستی کردووە بە جووڵە بەرەو ئاسیای ناوەڕاست و چین، بۆیە گەورەترین مەترسی پاشماوەی ژەهراوی بۆ سەر ئۆزبەکستان و کازاخستان و قرغیزستان دروست بووە.

ئەم دۆخە لە ئێستاوە مشتومڕێکی گەرمی لەنێوان بەرپرسانی حکومەتدا دروستکردووە.

مەخەبات ماڤلیانۆڤا، ئەندامی پەرلەمانی قیرغزستان، داوای ڕاپۆرتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی وڵاتەکەی کردووە، سەبارەت بە چاودێریکردنی جوڵەی بارستە ژەهراوییەکان.

ئاسێل ڕایمکولۆڤا، جێگری وەزیری سامانە سروشتییەکان بەپەلە پەرلەمانتاران ئاگادارکردەوە، کە پسپۆڕان چاودێری دۆخەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، قیرغستان بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕێک لە وێستگەکانەوە چاودێری پێکهاتەی بەرگەهەوا دەکات و بەدواداچوون بۆ داینامیکی ڕۆیشتنی هەوا دەکات، بۆ ئەوەی بە خێرایی وەڵامی گۆڕانکارییەکان بداتەوە.

بەڵام ئۆزبەکستان بە فەرمی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی "هەوری ترش" کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن.

لیژنەی نیشتمانی بۆ ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە ئۆزبەکستان ڕایگەیاندووە، دروستبوونی ئەو جۆرە پێکهاتانە کە هەزاران کیلۆمەتر لە سەرچاوەی دەردانی گازەکەوە دوورە، کارێکی مەحاڵە.

شارەزایان ڕوونیان کردوەتەوە، کاتێک بارستە هەواییەکان مەودایەکی وا دوور دەبڕن، چڕیی ماددە زیانبەخشەکان بەردەوام کەمدەبێتەوە، ئەوەش بە هۆکاری گێژاوی بەرگەهەوا و نیشتنەوەی سروشتی تەنۆلکەکان.

شارەزایانی بواری کەشناسی تا ئێستا هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئێران و وڵاتانی دراوسی ئاشکرا نەکردووە.

لە کازاخستانیش وەڵامێکی ڕوون لەبارەی پیسبوونی هەوا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نییە.

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کازاخستان کە داوای لێدوانیان کردبوو لە کۆمپانیای دەوڵەتی کاژیدرۆمێت، پیێان گوتراوە کە کاتی وەڵامدانەوە گونجاو نییە.

لە کۆتاییشدا شارەزایانی بواری کەشناسی ئەو ڕاپۆرتانەیان ڕەتکردووەتەوە، کە باس لە هەورێکی ژەهراویی دەکەن، بەو پێیەی زانیارییەکان لەلایەن داتا و تێبینییە زانستییەکانەوە پشتگیری نەکراون.

بەڵام جگە لە هەڕەشەی ئاسمانی، شارەزایان ئاماژە بە هەڕەشەیەکی زۆر بەرجەستەتر و درێژخایەنتر دەکەن بۆ سەر تەواوی ناوچەکە،  ئەویش کارەساتێکی ژینگەییە لە دەریای خەزەر.

بەگوێرەی ئاماری پەیمانگای توێژینەوەی ژینگەیی ئاسیای ناوەڕاست، ئاستی بەرزی کادمیۆم و سرکە و ئارسنیک سنوری ئاسایی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاکە، کە ئاڵوگۆڕی ئاوی تێدا خاو دەبێتەوە.

 لەژێر ئەم هەلومەرجەدا هەر جۆرە ڕژانێکی نەوت، کە بەهۆی هێرشی سەربازی بۆ سەر تانکەرەکان یان تێرمیناڵەکان ڕووبدات، دەتوانێت کوشندە بێت.

 دەکرێت دەرئەنجامەکانی ڕووداوێک زۆر جددیتر بن لە زەریای کراوە، ئەمەش بەهۆی خراپی ئاڵوگۆڕی ئاوی دەریای خەزەرەوە.

جگە لەوەش پێویستە وڵاتانی کەنداوی فارس بە باشی ئاگاداری کاریگەرییە جیددییەکانی کردەوەی سەربازیی ژینگەیی بن.

لە ساڵی 1991 هێزە عێراقییەکان لە سەردەمی سەدام حوسێن نەک هەر زیاتر لە 700 بیرە نەوتیان لە کوێت سوتاند، بەڵکو بە مەزەندەکردن 816 هەزار تۆن نەوتیان ڕژاندە ناو دەریاوە.

 دەریاچە نەوتییە زەبەلاحەکان کە 50 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان دەگرێتەوە، دیمەنی دەریاکەیان گۆڕی و سەدان کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی سعودیەیان لەناوبرد و ئاژەڵە دەریاییەکانی وەک کیسەڵ، باڵندە و هەنگەکانیان کوشت.

 جگە لەوەش دوکەڵی ڕەشی بیرە سووتاوەکان بووە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچەکە بە ڕێژەی 10 پلەی سەدی و بارانبارینی ترشی لێکەوتەوە و بەروبوومەکان لەناوچوون.

 ئێستاش ژینگەی ناوچەکە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە بووەتەوە و مرۆڤ تەنیا دەتوانێت هیواخواز بێت لایەنە شەڕکەرەکان لە وانەکانی ڕابردوو فێربووبێتن و هەڵەکان دووبارە نەکەنەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.