جوتیارانی کوردی پارێزگای کەرکوک وەرزێکی ئێجگار سەخت و نالەباری کشتوکاڵییان بەڕێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە ڕووبەڕووی چەندین بڕیار و ڕێکاری دارایی و کارگێڕیی قورس بوونەوە، بڕیارگەلێک، کە بە گوتەی نوێنەرانیان، ئامانج لێی ساردکردنەوەی جوتیاری کوردە لە سەر زەوی و زارەکانیان.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، حکومەتی عێراق لەم وەرزەدا بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی لە جوتیارانی کەرکوک کەمکردووەتەوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە. حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم، بڕی ١٥٠ هەزار دینار کەمتر لە ساڵانی ڕابردوو پارەی بە جوتیاران داوە.
بۆ ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی فەرمیی کشتوکاڵی بەرهەم هێنراوە، نرخەکەی بە بڕی 350 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک کەمکراوەتەوە، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی کمرشکێنە بۆ سەر شانی جوتیاران کە تێچوویەکی زۆریان لە کڕینی سوتەمەنی و کوددا کردووە.
ئەم بڕیارانەی بەغداد کاردانەوە و نیگەرانیی توندی لەنێو چینوتوێژەکانی کەرکوکدا دروستکردووە. لەم بارەیەوە، نوێنەری جوتیارانی کەرکوک لە لێدوانێکدا هۆشداریی دا لە لێکەوتە سیاسی و دیمۆگرافییەکانی ئەم جۆرە ڕێکارانە و ڕایگەیاند: "ئەو بڕیارانەی حکومەتی بەغداد کە ئاراستەی کەرتی کشتوکاڵی کەرکوک دەکرێن، ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گەنم لە داهاتوودا".
نوێنەری جوتیارانی کەرکوک گوتیشیان: "بە داخرانی دەرگای بژێوی لەبەردەم هاووڵاتییان، ئەم سیاستە وادەکات جوتیارانی کورد ناچارببن گوندەکانیان چۆڵ بکەن و کۆچ بەرەو شارەکان بکەن، ئەمەش مەترسییەکی ڕژدە لەسەر پاشەکشەی ناسنامەی کشتوکاڵی و نەتەوەیی ناوچەکە".