بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قۆناغێکی بێپێشینەی پێکدادانی ڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێت. دوای هەرەسهێنانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران، سوپای ئەمریکا و ئێران بە چڕی و بۆ شەوی حەوتم لەسەریەک هێرش دەکەنە سەر بنکە و پێگەکانی یەکتری.
هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی بۆردومانەکان، هێزە دەریاییەکانی هەردوولا لە کەنداودا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ڕایگەیاند، شەپۆلی حەوتمی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانیان بۆ سەر ناو خاکی ئێران کۆتایی هاتووە. سێنتکۆم جەختی کردەوە، کە فشاری سەربازی و گەمارۆدانی بەندەرە ستراتیژییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی توانای سەربازیی تاران بە تەواوی لاواز دەکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لەم شەپۆلەدا ئەم ئامانجانە پێكراون، ناوەندەکانی چاودێری و بنکەکانی ژێرخانی ئابووری و سەربازی، کۆگاکانی چەک، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ژێر زەویدا و پێگەکانی هێزە دەریاییەکانی ئێران لە کەنداودا.
فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، درۆن و کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا بەشدار بوون، هاوکات 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێکی فرەوانبوونی شەڕەکە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران قەبارەی زیانەکانی شەپۆلی حەوتمی هێرشەکانی ئەمریکایان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، فڕۆکەکانی ئەمریکا پردی ستراتیژیی کەهورستانیان لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (بەندەرعهباس – لار – شیراز) بۆردومان کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا پێنج پردی دیکە، بەندەر عەباس بە شێوەیەکی سەرەکی بە شارهکانی دیکەی ئێرانەوە دەبەستنەوە، زیانی قورسیان بەرکەوتووە و هاتوچۆ تێیاندا پەکیکەوتووە.
هاوکات، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، لە باشووری گەرووی هورمز، مینی دەریایی بە دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە ئاگریان گرتووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی وزە لە جیهاندا دروست دەکات.
ئێران هۆشداریی ئۆپراسیۆنی بەرفراوان دەدات؛ بەغدا و کەنداو لەژێر ئاگردا
لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی ڕانەگرێت، بە توندی وەڵام دەدەینەوە و ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە دژیان ئەنجام دەدەین".
سەرەڕای ئەم پێکدادانە سەربازییە توندە و شکانی ئاشکرای ئاگربەستەکە، واشنتن هێشتا دەرگای دیپلۆماسی دانەخستووە. گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرباری بەردەوامیی شەپۆلی هێرشە نوێیەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازی و ژێرخانییەکانی ئێران، بەڵام دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ تاران بە کراوەیی هێڵراوەتەوە و واشنتن هێشتا لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدایە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی تەواوەتیی دۆخەکە.