کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە، بووەتە یەکێک لە نموونە هەرە سەرکەوتووەکانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری سروشتی لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەکە نەک تەنها وەک ناوەندێکی دەوڵەمەندی بەرهەمهێنان، بەڵکو وەک ناونیشانێکی گەشتیاریی ناوازە سەرنجی هاوڵاتییانی ڕاکێشاوە.
حامید ئیسماعیل، خاوەنی کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان ڕایگەیاند، کێڵگەکەیان، کە لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی بنیاتنراوە، لە ئێستادا 120 جۆری جیاواز لە بەرهەمی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
کێڵگەی کوردستان لەم وەرزەدا هەنگاوێکی نوێی ناوە و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، جۆرێکی تایبەت و نوێی لە بەرهەمی تەماتە پەرەپێداوە و خستووەتە بازاڕەوە، کە بە ناوی "تەماتەی هەڵەبجە" تۆمار کراوە و بەهۆی تام و کوالێتییەکەیەوە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە.
سەرەڕای گرنگییە کشتوکاڵییەکەی، کێڵگەکە ژینگەیەکی لەباری گەشتیاریی درووستکردووە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە شار و ناوچە جیاوازەکانەوە سەردانی دەکەن.
تایبەتمەندیی سەرەکیی کێڵگەکە وایکردووە بۆ گەشتیاران سەرنجڕاکێش بێت، سەردانیکەران دەتوانن بە ئازادی لەناو ڕووبەری کێڵگەکەدا بگەڕێن و بە دەستی خۆیان بەرهەمە کشتوکاڵییە تازەکان لێبکەنەوە و بیخەنە سەبەتەکانیانەوە، ئەمەش ئەزموونێکی زیندوو و چێژبەخش بە گەشتیاران دەبەخشێت.