لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە ڕۆژژمێری جیهانیدا وەک ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک دیاریکراوە، بەڵام قەیرانی پیسبوونی هەوا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی و تەندروستیی گشتی لە سەرانسەری گۆی زەویدا.
بەگوێرەی ئامار و راپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، پیسبوونی هەوا بووەتە دووهەمین گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەندروستی و ڕۆژانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٠ هەزار کەس، کە بە گشتی ساڵانە دەگاتە نزیکەی ٧ ملیۆن قوربانی و تێکڕای تەمەنی مرۆڤەکان ٥ ساڵ کەمدەکاتەوە.
وڵاتە پاکەکان:
تەنها حەوت وڵاتی جیهان (کە زۆربەیان ناوچە و دوورگەی دووردەستن) توانیویانە ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ پاکی هەوا بەدەستبهێنن.
پیسترین وڵاتان:
وڵاتانی چاد، بەنگلادیش، پاکستان، کۆنگۆ و هیندستان لە پێشەنگی ئەو ناوچانەن کە ئاستی پیسبوونی هەوایانیانс١٠ هێندەی ستانداردی ڕێگەپێدراوی جیهانییە.
کاریگەرییە تەندروستییەکان:
زیاتر لە ٩٩٪ی دانیشتووانی جیهان لە ١١٧ وڵاتدا هەوای پیس هەڵدەمژن، کە ئەمەش فاکتەری سەرەکییە بۆ زیادبوونی مەترسیداری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان.
جگە لە قوربانییە مرۆییەکان، ئەم قەیرانە ژینگەییە زیانی گەورە بە ئابووریی جیهانی، بەرهەمهێنانی کار، کەشوهەوا و کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنێت.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە وەبەرهێنان لە وزەی پاک، پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، تاکە ڕێگەن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە گەورەیە.