ڕاستەوخۆ

عێراق 82 پێگەی دەوڵەمەند بە هەمەجۆریی زیندەیی دیاری دەکات و 15 ناوچەش دەکرێنە پاراستنگەی سروشتی

reset font size increase font size

وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و چڕ، 82 پێگەی دەوڵەمەند بە هەمەجۆریی زیندەیی (التنوع الأحيائي) لە سەرانسەری وڵاتدا دەستنیشان کراون، لەو ڕێژەیەش تاوەکو ئێستا 15 پێگەیان وەک پاراستنگەی سروشتی (محمية طبيعية) دیاری کراون.

عادل عومران، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەمەجۆریی زیندەیی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA) ڕایگەیاند: "وەزارەتی ژینگە لە دوای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2005، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، بەردەوام چاودێریی دۆسیەی زۆنگاوەکان و ناوچە شێدارەکان دەکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2009دا بە فەرمی چووە نێو ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی هەمەجۆریی بایۆلۆژییەوە."

سەبارەت بە میکانیزمی دیاریکردنی ئەو ناوچانە، عومران ئاماژەی بەوە کرد کە لێژنەیەکی باڵای نیشتمانی بە سەرۆکایەتی وەزارەتی ژینگە و ئەندامێتی وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ, نەوت, سەرچاوە ئاوییەکان, خوێندنی باڵا) و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار پێکهێنراوە. ئەرکی ئەم لێژنەیە لێکۆڵینەوەی مەیدانییە لە جۆری ئاژەڵ و ڕووەکەکانی ئەو ناوچانە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی دوای دەنگدان لەسەر جۆراوجۆرییەکەیان، وەک پاراستنگەی فەرمی بناسرێن.

بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ڕوونیشیکردەوە: "پرۆسەکە بەو شێوازەیە کە دوای پەسندکردنی پێگەکان لەلایەن لێژنەی نیشتمانییەوە، پێشنیارەکە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کۆتایی و ڕاگەیاندنی فەرمی وەک پاراستنگەی سروشتی."

ناوچە دەستنیشانکراوەکان کامانەن؟

عادل عومران جەختی کردەوە لە کۆی ئەو 82 پێگەیەی دۆزراونەتەوە، لە ئێستادا 25 پێگەیان تەواو ئامادەن بۆ ئەوەی ببنە پاراستنگە، بەڵام ئەوانەی کە سەرجەم قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەیان بڕیوە و وەک پاراستنگەی سروشتی ناسراون 15 پێگەن، دیارترینیشیان ئەمانەن:

زۆنگاوەکان:زۆنگاوە ناوەندییەکان, زۆنگاوی حوێزە, زۆنگاوی حەمماری ڕۆژهەڵاتی, زۆنگاوی حەمماری ڕۆژئاوایی, زۆنگاوی دەڵمەج.

دەریاچەکان:دەریاچەی ساوە, بەحری نەجەف, دەریاچەی ڕەزازە

ناوچە سروشتی و شاخاوییەکان: ڕیفاعی, زەرباتیە, تەیب, جەبەل سنام.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.