وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت زیادەڕۆی بکاتە سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ 4ـی ئایاری 2026، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بە پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان لەگەڵ توندترکردن و بەدواداچوونی زیاتری ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە زیادەڕۆی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر، کە دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان هەوڵی زیادەڕەوی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت دەدات.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵوێستە لەسەر زۆری عەلاگەی پلاستیک، بوتڵی پلاستیک و شوشە، کە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن و تەمەنی مانەوەیان لەناو سروشت درێژە کرا و پێشنیاز کرا، لەگەڵ کۆمپانیا و کارگەکان کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیراسەکردنی چارەسەر و دۆزینەوەی ڕێگەچارە وەکو بایەخدان و هاندانی بەکارهێنانی عەلاگەی کاغەز، تورەگەی دروستکراو لە قوماش و لۆکە بۆ بازاڕکردنی هاوڵاتیان کە تەمەنیان درێژە و ژینگەش پیس ناکەن.