ڕاستەوخۆ

سیامەند موعینی: ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسانە بەڵام پاراستنی قورسە

reset font size increase font size

سیامەند موعینی، ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایدەگەیێنێت، گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا بە هێرشی سەربازیی دەرەکی و بۆردومان نایەتە دی و پێویستە گەلانی ئێران خۆیان ڕۆڵی سەرەکی لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بگێڕن.

موعینی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئامارگی) ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە ژێرخانی سەربازی و ئەمنیی ئێران گەیاندووە و بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین سەرکردە (لەوانەش عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕەکەدا)، بەڵام "گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ئێران بە یەک دوو مانگ بۆردومانکردن سەرناگرێت."

پڕۆژەیەک بۆ "ڕۆژی دوای کۆماری ئیسلامی"

ئەو سەرکردەیەی پژاک هۆشداری دەدات لەوەی کە لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێستا بەبێ هەبوونی جێگرەوەیەکی دیموکراتیک، نابێتە هۆی سەقامگیریی بەردەوام.

موعینی دەڵێت:"کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بەم شێوازەی ئێستای بەردەوام بێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە دوای ئەم ڕژێمە چی دێت؟ پێویستە پڕۆژەیەکی کۆنکرێتی و ڕوون بۆ ڕۆژی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەبێت."

موعینی داکۆکی لە ستراتیژیی پژاک دەکات بۆ دامەزراندنی "ئێرانێکی دیموکرات و نامەرکەزی (فیدراڵ)" کە تێیدا مافی یەکسان، خۆبەڕێوەربردنی دیموکراتی و مافی ژنان و کەمینەکان پارێزراو بێت.

 ئەو جەخت لەسەر بژاردەی "ڕێگەی سێیەم" دەکاتەوە؛ ڕێگەیەک کە هەم دژایەتی کۆماری ئیسلامی دەکات و هەمیش پشت بە دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی نابەستێت.

دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپەیمانیی لایەنەکان

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیامەند موعینی ئاماژەی بە مێژوویەکی درێژ لە سەرکوت، زیندانیکردن و لەسێدارەدانی چالاکوانانی کورد دا، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی) و خۆپێشاندانەکانی کانوونی دووەمی2026 بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە.

لە کانوونی دووەمی 2026دا، پژاک و لایەنە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات "لەوانەش حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا و باڵەکانی کۆمەڵە" هاوپەیمانییەکی بەربڵاویان پێکهێنا.

موعینی دەڵێت کێشەی ئەوان ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکو پاراستنیەتی، دەشڵێت"سەرکەوتن لە ڕۆژهەڵات 100٪ مسۆگەرە. ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵات ئاسانە، بەڵام پاراستنی قورسترە."

موعینی داوای ڕاگەیاندنی "ناوچەی دژەفڕین" دەکات بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان و پژاک ڕەتیدەکاتەوە هیچ چەکێکی لە ئەمریکا و ئیسرائیل وەرگرتبێت و پێگەی خۆی لەم شەڕەدا بە "بەرگریی ڕەوا" ناوزەد دەکات.

ناکۆکی لەگەڵ "ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەپەرست"

ناوبراو موعینی ڕەخنەی توند لە ئۆپۆزسیۆنی پاشایەتیخوازی ئێرانی دەگرێت و هاوکاری لەگەڵ  کوڕی شای پێشوو بە "هەڵەیەکی مێژوویی" دەزانێت بەهۆی بیرکردنەوەی شۆڤێنیی ئەوان دژ بە کورد.

 لە بەرامبەردا، ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لایەنە کوردییەکان گفتوگۆی ئەرێنییان لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق (MEK) کردووە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراقیش، موعینی ڕاشکاوانە دەڵێت پێ باشترە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی باشوور "بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان" دەستێوەردان لە پرسی ڕۆژهەڵاتدا نەکەن:

"باشترە دەستێوەردان نەکەن، ئێمە سوپاسگوزاری ئەو هەڵوێستە دەبین؛ چونکە ئەگەر دەستێوەردان بکەن دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی هەولێر و ئەنقەرە."

"تورکیا بە وەکالەت بۆ ئێران لە هێزەکانی ئێمە دەدات"

ئەندامەکەی کۆنسەی سەرکردایەتی پژاک هێرش دەکاتە سەر سیاسەتەکانی تورکیا و قەتەر و دەڵێت ئەوان نایانەوێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا ڕووبدات.

ئەو دەڵێت تورکیا لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی "ڕۆژاڤای کوردستان"، هاوکاریی ئەمنیی ئێران دەکات:

"ئێران خۆی توانای پێکانی بنکەکانی ئێمەی نییە، بەڵکو تورکیا ئەم کارەی بۆ دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئێمە وەک پژاک هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ تورکیادا نییە."

 دەشڵێت تورکیا و ئێران هەمیشە ڕێگر بوون لەوەی پژاک پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاڤا دروست بکات و خراپەکاریی تورکیا بووە هۆی ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی پژاک بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

پەیامێک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل

لە کۆتاییدا، سیامەند موعینی داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات کە ڕاشکاو و ڕوون بن لەگەڵ کورد و تەنیا وەک کارتی فشار لە دژی تاران بەکاریان نەهێنن:

"ئەمریکا و ئیسرائیل ڕۆڵ دەگێڕن لە نەخشەڕێژکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام بۆ دروستبوونی متمانەیەکی ڕاستەقینە، دەبێت بە ڕوونی ڕایبگەیەنن کە دەیانەوێت کورد چ ڕۆڵێک لە ئێرانی داهاتوودا بگێڕێت."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.