ڕاستەوخۆ

شارەوانیی کەرکوک فڕێدان و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی لە جەبەڵبۆر قەدەغە کرد

reset font size increase font size

دوای بەدواداچوونەکانی نووچە تیڤی، شارەوانیی کەرکوک ڕێکاری نوێی گرتەبەر و فڕێدان و کۆکردنەوەی هەر جۆرە خۆڵ و خاشاکێک و پاشماوەیەکی لە ناوچەی جەبەڵبۆر قەدەغە کرد، کە ببووە شوێنێک بۆ کارکردن و کۆکردنەوەی پاشماوە لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە و سیمایەکی ناشرینی بە ناوچەکە بەخشیبوو.

گەیشتنی تیمەکانی شارەوانی و پۆلیس بۆ ناوچەکە بە مەبەستی ڕێگری لە فڕێدانی زبڵ و دوورخستنەوەی منداڵانی کرێکار بوو لەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لە ماوەی تەنها چوار مانگی ڕابردوودا، سێ ڕووداوی جیاواز لە جەبەڵبۆر تۆمار کرابوون کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک، شکانی قاچی منداڵێکی دیکە و قرتانی پەنجەی دەستی منداڵێکی تر.

ئەرکان عومەر، بەرپرسی بەشی پاشماوەکان لە شارەوانیی کەرکوک، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بوونی منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ لە ناوچەکە و مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکان دەربڕی.

لە لایەکی دیکەوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نیگەرانیی لای منداڵانی کرێکار دروست کردووە؛ یوسف محەمەد، منداڵێکی کرێکار لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرڕای مەترسییە تەندروستییەکان، لەبەر خراپیی دۆخی بژێویی خێزانەکانیان و بۆ دەستکەوتنی ڕۆژانە 10 هەزار دینار ناچار بوون کار لەو شوێنەدا بکەن.

ئێستا لە شاری کەرکوک دوو وێستگەی سەرەکی بۆ کۆکردنەوە و لەناوبردنی زبڵ هەن و ڕۆژانە نزیکەی 1300 تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە بەرەو ئەو وێستگانە دەگوازرێتەوە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.