دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر نێژرانیان بەشێوەیەکی کاتی، بڕیارە لە ڕۆژی ١٩ی مانگی داهاتوودا گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە ڕووفاتی ٦٩ هاووڵاتیی ئێزدیی خەڵکی گوندەکانی سنوونێی تێدایە، لە نزیک مەزاری شەرفەدین لە چیای شنگال هەڵبدرێتەوە.
پەیمانگای دادوەیی بەگدا ڕایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و دواتر ڕووفاتەکان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) و دیاریکردنی ناسنامەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا دەکرێن، تاوەکو لە کۆتاییدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان بینێژرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارە بەردەستەکان، تا ئێستا ٩٦ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری قەزای شنگال دۆزراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە ٧٧ گۆڕ هەڵدراونەتەوە و ٨٥٧ ڕووفاتیان لێ دەرهێنراوە؛ لەو ڕووفاتانەش ٢٩٦یان ڕادەستی خێزانەکانیان کراونەتەوە و ٥٦١ ڕووفاتی دیکە هێشتا لە پزیشکی دادیی بەغدان و ناسنامەیان یەکلایی نەکراوەتەوە.