ڕاستەوخۆ

یەکێتی لە ساڵیادی 31ی ئابدا: کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە

reset font size increase font size

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی یادی ٣١ی ئابەوە جەخت دەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکیی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ کە قەرەبووی ناخۆشییەکانی ڕابردوو بکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر کارەساتی ٣١ی ئابدا تێدەپەڕێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان داگیرکرایەوە.

یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو خیانەتە گەورەیە" بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی حزبەکەیان، و جەخت لەوە دەکرێتەوە کە پێویستە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بە یەکجارەکی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی تر پەنا بۆ هێزی نەیاران نەبرێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاندووە کە لەپێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە کە بە یەکڕیزی، هاوبەشی و خزمەتی دادپەروەرانە، وەڵامدەروەی پێداویستییەکانی قۆناغەکە بێت.

ساڵانی نەوەدەکان شاهیدی شەڕی براکوژی بوون لە هەرێمی کوردستان، و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا سوپای عێراق بە تانک و دەبابە چووەوە ناو شاری هەولێر.

لە کاتێکدا یەکێتی ئەو ڕووداوە بە خیانەت دەزانێت و پارتی بە هێنانەوەی سوپای عێراق تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئەو ڕۆژە وەکو بەرگریکردن و ڕێگریکردن لە کەوتنی تەواوەتی و مانەوەی خۆی وەسف دەکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.