کەسوکاری ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو قارەمان شوکری ڕایدەگەیەنن کە ماوەی چەند ڕۆژێکە باری تەندروستی و دەروونیی ناوبراو لە ناو زینداندا بە تەواوی ڕووی لە خراپبوون کردووە و ژیانی لە ژێر مەترسییەکی جدییدایە.
کەسوکاری قارەمان شوکری لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی ئاشکرایان کرد، بەهۆی نەبوونی چاودێری و چارەسەری پێویستی پزیشکی و گرتنەبەری مامەڵەی توند، دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەو ڕۆژنامەنووسە زۆر دژوار بووە. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد کە بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکان و نادادپەروەرییەوە قارەمان چەندین جار پەنای بۆ مانگرتن لە خواردن بردووە، بەڵام بەهۆی خراپیی باری جەستەیی و لەسەر داوای دایکی کۆتایی بە مانگرتنەکانی هێناوە.
قارەمان شوکری، کە کوڕی شەهیدی ڕۆژنامەنووس شوکری زەینەدینە، بۆ یەکەمجار لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ لە ساڵی 2019 دەستگیر کرا و دواتر ئازاد کرا. بەڵام لە 21ی کانوونی دووەمی 2021دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی سیرێی شێلادزێ دووبارە دەستگیرکرایەوە، دوای چەندین مانگ لە بێسەروشوێنکردنی، لە 23ی حوزەیرانی 2021دا لە دادگای تاوانەکانی دهۆک لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی نهێنیدا بەپێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، کە هەمان ئەو ماددەیە بوو دژی زۆربەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی دیکەی دەڤەری بادینان بەکارهێنرا.