وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە تا ئێستا بەشێک لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕەوانە نەکراون.
لە لێدوانێکدا بۆ نووچەتیڤی، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە کۆی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025ی جووتیاران، حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بڕی زیاتر لە 58 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە. ئاشکراشی کرد کە هێشتا 83 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی هەمان ساڵ لەلای بەغدا ماوەتەوە و نەنێردراوە.
سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو بڕە پارەیەی کە تا ئێستا لە بەغداوە گەیشتووەتە دەست هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی کردەوە کە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 21 ملیار دینار، پارێزگای هەولێر زیاتر لە 19ملیار دینار و پارێزگای دهۆکیش 16 ملیار دیناری بەرکەوتووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نەوزاد شێخ کامیل جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەم ژمارە و ئامارانە تایبەتن بە شایستە داراییەکانی ساڵی 2025 و تاوەکو ئێستا هیچ باسێک لەبارەی شایستەکانی ساڵی 2026 نەکراوە.