ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنێکدا ڕێڕەوێکی دەریایی لە گەرووی هورمز دروستکردووە بۆ گواستنەوەی ڕۆژانەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ڕێڕەوە لە کەناراوەکانی عومانەوە تێپەڕ دەبێت و ڕۆژانە 15تا 20 کەشتیی نەوتهەڵگری پێدا تێپەڕ دەبێت، نزیکەی 10ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەگوزانەوە. بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێدانە سەربازییەکانی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) توانای چاودێریی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە گەرووەکەدا بەتەواوی لاواز کردووە.
هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی پاسەوانیی کەشتییەکان دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆن و مووشەکەکانی ئێران. بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەش کرد کە ئێران لەبەر ئەوەی چاودێریی ڕاداریی لەدەستداوە، بێئامانج درۆن و مووشەک تەقێنێت، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زۆربەیان بخەنە خوارەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، نەوتێکی زۆر لە گەرووی هورمزەوە ڕەوانە دەکرێت و بەهۆی کارایی گۆشەگیرکردنی دەریاییەوە نرخی نەوت دادەبەزێت. ترەمپ ڕەخنەی لە هەڵوێستی تاران گرت و گوتی: "دانوستاندن لەگەڵ ئێران لەم کاتەدا بەفیڕۆدانی کاتە، تاران لە ئێستادا تەنیا سێبەری ئەو هێزەی ماوە کە پێشتر هەیبوو."