بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەش لەمەدوا سزا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ لەنێوان هەردوولادا یەکدەخەرێن.
فەریق د. عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق ڕایگەیاند، سەپاندنی سزای دارایی بەپێی شوێنی جوگرافیی سەرپێچییەکە دەبێت؛ بە جۆرێک هەر ئۆتۆمبێلێکی تابلۆی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەرپێچی بکات، ڕاستەوخۆ سزاکەی لەسەر تۆمار دەکرێت، و بە هەمان شێوە ئۆتۆمبێلەکانی بەغدا و شارەکانی تری عێراقیش لە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ سزادەدرێن.
سەبارەت بە دۆسیەی جامی ڕەشیش، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ ئاماژەی بەوە دا کە هەردوولا گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش، و بڕیاردراوە ڕێنمایی و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە جامی ڕەشی ئۆتۆمبێل لەنێوان بەغدا و هەرێمدا یەکبخرێن، بە مەرجێک شۆفێران لە هیچ ناوچەیەک و لە کاتی گەشتکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سزای جیاواز نەبنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری هاتووچۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەماهەنگییە تەکنیکی و مەیدانییە، ڕۆڵێکی گەورە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی و ڕێکخستنی هاتووچۆ لە سەرانسەری عێراقدا دەگێڕێت.