مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چواردەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووزدا لە چاوپێکەوتنیکدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێوە.
ئەگەرچی ئەگەری هەیە دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکانمان، بە هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشەوە، گۆڕانکاری بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام ئەم شۆڕشە بە شێوازی نوێ بەردەوام دەبێت."
مەزڵوم عەبدی لە درێژەی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ناسنامە و داهاتووی وڵاتەکە و جەختی کردەوە: "سووریای نوێ، بەرهەمی خەباتی سەرجەم پێکهاتە و خەڵکی سووریایە؛ لەنێویاندا گەلی کورد و ئەو پێکهاتە جیاوازانەی کە لە ڕیزەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریدا شانبەشانی یەک تێکۆشاون."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاوڕی لە مێژووی دەستپێکی ئەم بزووتنەوەیە دایەوە و گوتی: "ئەم ڕۆژە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە و گرنگ بوو بۆ پێشڕەویی شۆڕش لە سووریادا.
لە سەرەتای جووڵانەوەکەدا، کاتێک سوپای سووریا لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکردە سەرمان و دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ باڵی کێشابوو، گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان یەکەمین هەنگاوی نا و ڕووبەڕووی ڕژێم بووەوە.
ئەم شۆڕشە تەنها هی کورد نەبوو، بەڵکو لەلایەن هەمووانەوە پشتگیری لێکرا و سەرجەم پێکهاتە و کۆمەڵگە ئایینییەکان توانیان تێیدا گەشە بکەن."
مەزڵوم عەبدی لە کۆتاییدا ئاماژەی بە قۆناغی تێکشکاندنی چەکدارانی داعش لە شارە گەورەکاندا کرد و گوتی: "ئەوانەی لە شارە گەورەکاندا دەژیان، پەیوەندییان بە داعشەوە نەبوو.
ئەم خەباتە دژی دوژمنان باجێکی قورسی لە ژنان، منداڵان و قوربانیانی شەڕ کەوتەوە، بەڵام ئەمە باجی شۆڕش بوو لەپێناو بەدیهێنانی سووریایەکی دیموکراتدا."