وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە گشتاندنێکی فەرمی، دۆسیەی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکانی یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا وەک میلاکی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
وەزارەتەکە لە گشتاندنێکدا دەڵێ، لەمەودوا لە تەواوی دامودەزگاکاندا دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان (رێکخراوە هەڵوەشاوەکان) وەک فەرمانبەری ئاسایی و میلاکی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و تەواوی مافە کارگێڕیی و دارایی و خانەنشینییەکانیان پێدەدرێت.
بەگوێرەی گشتاندنێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە و رۆژی 19ـی ئابی 2026 دەرچووە. ئەو فەرمانبەرانەی ڕێکخراوەکان، کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی ڕەوانەکراو بۆ بەغداد هەبووە، بە هەمان پلە، ناونیشان و مووچەی ئێستایان دەستبەکار دەبن.
لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، بە بێ جیاوازی هەمان پێوەر و ڕێکاری سەرجەم فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانییان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها تەواوی ماوەی خزمەتی پێشوویان لە ڕێکخراوەکان بەگوێڕەی لێبڕینی مانگانە وەک خزمەتی خانەنشینی ئەژمار دەکرێت و دوای گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی، لەسەر بنەمای دوا مووچە و دەرماڵەیان خانەنشین دەکرێن.