بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، کۆشکی سپی لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێراندا گومانی هەبوو کە دانوستاندنکارانی ئێرانی، عەباس عێراقچی و محەممەد باقر قالیباف، بەڕاستی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، یان نا.
ماڵپەڕەکە نووسیویەتی سێ سەرچاوەی ئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بۆ دڵنیابوون لە هەڵوێستی سەرکردایەتیی پاسداران، کەناڵێکی نهێنی لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە دامەزراند.
لە دەوروبەری ١٠ی ئایار، تولسی گابارد پەیوەندی بە بارزانییەوە کرد و داوای لێکرد پەیوەندی بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی پاسداران، بکات.
لە ١٤ی ئایاردا، لە هەولێر پەیوەندییەکی پارێزراو لەنێوان بارزانی و وەحیدی ئەنجام درا. وەحیدی، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پشتگیریی دانوستاندنکارانی ئێران و چارەسەری کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆوە پشتڕاست کردەوە.
دواتر، ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی کرد هەولێر ببێتە شوێنی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەنێوان دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە کۆبوونەوەکە هەرگیز ئەنجام نەدرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش داوە،ئەم ڕووداوە نیشان دەدات کە واشنتن لە دۆزینەوەی ئەو لایەنەی کە بەڕاستی بڕیاری کۆتایی لە ئێران دەدات، ڕووبەڕووی کێشەیەکی جدی بووە.
لە کۆتایشدا باسی لەوە کردووە، سەرچاوەکان دەڵێن بارزانی لە دواییندا پەیامێکی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدان بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی واشنتن و تاران ڕاگەیاندووە.