ڕاستەوخۆ

تێکچوونی ئیکۆلۆژی لە زۆنگاوەکانی حەوێزە: قەیرانی ژینگەیی و شکستی حوکمڕانی

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ سان ساراڤان

 

تێکچوونی ژینگە بە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا و کردەوەی مرۆیی هەر لە خراپی بەڕێوەبردنی ئاو و پیسبوون و پراکتیزە ناپەسەندەکانی مرۆڤەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەورەترین کۆمەڵگەی زۆنگاوە پارێزراوەکانیی عێراق هەیە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لەزۆنگاوەکانی میزۆپۆتامیا ناسراوە و  میراتیەکی پارێزراوی جیهانییە کە لەلایەن یونسکۆیە دانیپێدا نراوە.

لە پارێزگای میسان بە تایبەتی لەزۆنگاوەکانی حەوێزە، دابەزینی ئاستی ئاو و بەرزبوونەوەی فشارە ئیکۆلۆژییەکان هەڕەشە لە جۆراوجۆری زیندەیی (بایۆداڤێرستی) و بژێوی ژیان و بەردەوامیی درێژخایەنی ئەم ئیکۆسیستەمە گرنگە جیهانییە دەکەن. بە بڕوای زۆرێک لە چاودێرانی ناوخۆیی، تەنها تێکچوونی ژینگە نییە بەڵکو  زیاتر خۆی لە پرۆسەیەکی وێرانکاریی و لەناوبردنی بە ئەنقەستی زۆنگاوەکان دەبینێتەوە.

 

وشکبوونەوەی تەواوەتی زۆنگاوەکان

 

لەم بارودۆخەی  ئێستادا زۆنگاوەکانی حەوێزە بە تەواوی وشک بوون، وشکبوونەکەی زۆنگاوی حەوێزە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هۆکاری ئەوەی کە هەموو ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە لە بنەڕەتدا زۆنگاوەکانی حەوێزە دەبوژێننەوە و  دەڕژێنە ناو زۆنگاکەوە، بە تەواوی ڕوو لە خامۆش بوونە. لە دێر زەمانەوە بوژانەوەکەش بەهۆی ڕووباری دیجلە و کەناڵی مەشرەح و لقی کەهلا ، لە ڕێگەی ڕووباری کەرخەوە کە سەرچاوەکەی لەناو  سنوور  ئێرانەوە دابین کردوە.

پچڕانی هەردوو لقە ناوخۆیی و سنووربەزێنەکان ناهاوسەنگییەکی توندی هایدرۆلۆجی و داڕمانی ئیکۆلۆژی و زیانێکی بەرفراوانی ژینگەیی لێکەوتووەتەوە. کەمبوونەوەی بارانبارین، سیاسەتی ئاوی سەرەوە کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پەیڕەو دەکرێت و بەڕێوەبردنی ناکاریگەری ئاویش لە ناوخۆدا پێکەوە قەیرانەکەیان قووڵتر کردووەتەوە.

 

کارەساتی جۆراوجۆری زیندوو لە ئەبو عەزبە

 

لە 23ی شوباتی 2026، یەکێک لە توندترین کارەساتەکانی جۆراوجۆری زیندەیی (بایۆداڤێرستی)  ناوچەی ئەبو عەزبە و  یەکێک لە قووڵترین بەشەکانی  زۆنگاوەکانی حەوێزەی گرتەوە و هەزاران ماسی و کیسەڵ و جۆرە ئاوییەکانی دیکەی لەناو برد.

لە وەرزی لافاودا ئەبو عەزبە دەتوانێت بگاتە قووڵایی نزیکەی 15 مەتر، لە قۆناغەکانی وشکەساڵیشدا، قووڵاییەکان بە شێوەیەکی گشتی لەنێوان شەش بۆ حەوت مەتر دادەبەزن، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە ناوچەکە ئەوەندە ئاوی  تەواوی وەرنەگرتووە و تا هاوسەنگی ئیکۆلۆژی بپارێزێت.

لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاودا، وەستانی ئاو زیاد دەکات. کەمبوونەوەی سووڕ و بزاوتی ئاو بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئۆکسجینی تواوەوە و تێکچوونی زیاتری کوالیتی ئاو. زیندەوەرە ئاوییەکان تووشی کەمبوونەوەی توندی ئۆکسجین بوون، هەوەها  بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سوێری و ترشبوونەوە، دوخەکەی ئاڵۆزتر بووە و هۆکارەکان پێکەوە ڕووداوەکانی مردنی بەکۆمەڵیان دەستپێکردووە.

 

قەیرانی دووبارەبووەوە و نەبوونی دەستێوەردانەکان

 

مورتەزا ئەلجنوبی چالاکوانی ژینگەیی کە خەڵکی میسانە لە ناوچەی حەوێزەیە، ساڵانێکە ئەم کارەساتە دووبارەبووانەی لە سۆشیال میدیادا تۆمار کردووە و وەک بەڵگە پیشانی داون. ئەو دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە داڕمانی ئیکۆلۆژی هاوشێوە یەک بۆ دوو ساڵ جارێک ڕوودەدات، لە ئەنجامدا دەستێوەردانێکی بەرجەستە لەلایەن حکومەتەوە بە تەواوی بزرە، لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کێشانە. دەڵێت: «دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە ئاماژەیە بۆ شکستی  سیستەمی حوکمڕانی » نەک ڕووداوە ژینگەییەکان بە تەنها.

 

پیشەسازی و "لەناوبردنی بە ئەنقەست"

 

لە دەرەوەی وشکەساڵی و کەمیی ئاو، فراوانبوونی پیشەسازی لەو ناوچەیەدا مەترسییەکی تر زیادی کردووە. لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای (جیۆ -جەید )ی پترۆلیۆم کە کۆمپانیایەکی چینییە واژۆکرد و مافی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەویزەی پێبەخشی.

لەو کاتەوە بەشێک لەم  زۆنگاوانە کراون بە ناوچەی دەرهێنانی نەوت و پەشەسازییەکان. چالاکوانە ناوخۆییەکەی حەوێزە (مورتەزا ئەلجنوبی) ئەم گۆڕانکارییە بە "لەناوبردنی بە ئەنقەست" تایبەتمەند دەکەن و دەڵێن پیشەسازیکردن لەناو زۆنگاوێکی پارێزراودا ڕاستەوخۆ پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی ژینگە و پابەندبوونەکانی عێراقە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

 

لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

 

وەک چۆن چالاکوان مورتەزا ئەلجنوبی ڕایگەیاندووە کە "چۆن حکومەت پابەندە بە پاراستنی سنوورەکانی، دەبێت پابەندیش بێت بە پاراستنی ئەم ئیکۆسیستەمە زیندووە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ئێمە وەک دانیشتوانی زۆنگاوەکان حکومەت  بە بەرپرسیار دەزانین لەم کردەوە وێرانکارییە دووبارەبووانە."

بۆیە قەیرانی  زۆنگاوەکانی حەوێزە نەک هەر قەیرانێکی ئیکۆلۆژیە بەڵکو قەیرانێکی سیاسی و یاساییشە. پرسیاری سەبارەت بە حوکمڕانی و  بەڕێوەبردنی ئاو ، دادپەروەری ژینگەیی و پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە ژینگەییەکان دەوروژێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.