توێژینەوەیەک لەسەر بارودۆخی ژنان لە سەرانسەری کوردستان ئاشکرای دەکات کە بە تێکڕا هەر پێنج ڕۆژ جارێک ژنێک دەکوژرێت.
د. نەزەند بەگیخانی، ئەکادیمیست و توێژەر لەسەر پرسی توندوتیژیی دژی ژنان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە تەنیا ڕووداوی دابڕاو نین، بەڵکو دەربڕی سیستەمێکی ڕەگداکوتاوی جیاکاریی بونیادی و توندوتیژیی بەردەوامن کە ئامانجیان بێدەنگکردن، کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنانە لە ماڵ، شوێنی کار، زانکۆکان و ژیانی گشتیدا.
ئامارەکان و بەئامانجگرتنی ڕێکخراوەکان
بەگوێرەی توێژینەوەکە و سەرەڕای ڕێکارە فەرمییەکانی دامەزراوەکان بۆ سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی ژنکوژی لە هەرێمی کوردستان، داتاکان نیشانی دەدەن کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٦٩ ژن کوژراون و لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦یشدا ١٣ ژنی تر کوژراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامارانەدا، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی گێچەڵی سێکسی لە زانکۆکان و دروستکردنی کێشەی یاسایی بۆ چالاکوانانی وەک بەهار عەلی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئێما دەکرێت، وەک بەشێک لە نەخشەیەکی بەرفراوانتر بۆ تۆقاندنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی گشتی.
فرەچەشنبوونی ئاستەکانی چەوسانەوە
لە توێژینەوەکەدا دەستنیشان کراوە کە ژنانی کورد رووبەڕووی زنجیرەیەک چەوسانەوەی سەریەککەوتوو دەبنەوە کە لە نەریتی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی خێزانی، سەربازیگەری و سەرکوتی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەم گوشارە جۆراوجۆرانە وایانکردووە ژنان لە ئاستی ئاسایشی کەسی و مافە بنەڕەتییەکانیاندا لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا بن و ئاستی بەشدارییان لە کۆمەڵگەدا پەراوێز بخرێت.
پێویستیی داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە، توێژینەوەکە جەخت لەسەر گرتنەبەری ستراتیژێکی یەکگرتوو لە نێوان ڕێکخراو و چالاکوانانی چوار پارچەی کوردستان دەکاتەوە.
تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە جیاوازیی ئایدۆلۆژی و حزبی نەکڕێت بێتە کۆسپ لە بەرامبەر هاوپشتیی ژناندا، بەڵکو پێویستە هەمەجۆریی ڕوانگەکان وەک هێزێک بەکاربهێنرێت و پشتیوانیی ئەو پیاوانەش ڕابکێشرێت کە باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری هەیە.
هۆشداریدان لە بێدەنگبوون
لە کۆتاییدا توێژینەوەکە زەنگی مەترسی لێدەدات کە بەبێ بونیادنانی بزووتنەوەیەکی هاوبەش و ڕێکخراو، بەرهەڵستیکردنی ئەم هێرشە بونیادییانە دژوار دەبێت.
هۆشداریش دەدرێت کە سستبوونی کرداری بەکۆمەڵ و بەردەوامیی پەرتەوازەیی لە ئێستادا، وادەکات نەوەکانی داهاتووی ژنانی کورد باجێکی قۆرستر بپێرن.