لە نێو لیستی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی ئامەدسپۆردا بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی تورکیا (Süper Lig)، ناوی ژنێکی ناوداری کورد لە کازاخستان، "نارین نادیرۆڤا"، وەک سوپرایزێکی گەورە سەرنجی میدیا و ناوەندە وەرزشییەکانی ڕاکێشاوە.
نادیرۆڤا کچی کینیازی حەمید، سەرۆکی کۆچکردووی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەرمەنستانە وەک یەکەم ژنی کوردیش دەناسرێت کە لە مێژوودا بووبێتە ئەندام لە "ئەنجومەنی گەلانی کازاخستان".
ئەم ژنە سەرکردەیە لە بواری دارایی و تەکنەلۆجیای بانکیدا، لە ئێستادا پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO) لە بانکی ناسراوی (Home Credit Bank) لە کازاخستان بەڕێوەدەبات.
ئەو بەهۆی لێهاتووییەکانی لە کەرتی بانکیدا چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی باشترین بانکەری ساڵ لە 2016، خەڵاتی یەکێتیی گەلی کازاخستان لە 2017، و خەڵاتی کەسایەتیی ساڵ لە 2019.
هاندەرانی ئامەدسپۆر و چاودێرانی وەرزشی لەو بڕوایەدان کە هاتنی ژنێکی خاوەن پێگەی ئابووری و نێودەوڵەتیی هاوشێوەی نادیرۆڤا بۆ نێو ستافی بەڕێوەبردنی یانەکە لەژێر سەرۆکایەتیی ناهیت ئەرەن، دەبێتە پاڵنەرێکی گەورە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی دارایی، ڕاکێشانی سپۆنسەری بیانی، و پەرەپێدانی سیستمی دامەزراوەیی یانەکە لە بەرزترین ئاستی خولی تۆپی پێی تورکیادا.