وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشان لەگەڵ ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان، ڕەوانەی بەغدا کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە (20ی ئایاری 2026)، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کارەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی لیست و ڕاپۆرتەکەی کۆتایی پێهێناوە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، بە فەرمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت، بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕێوشوێنەکانی وردبینی و تەمویلکردنی مووچە.
سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، وەزارەتی دارایی رووکاری تەکنیکیی بابەتەکەی ڕوون کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕووی ژمێریارییەوە، ئەو بابەتە بەستراوەتەوە بە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار و گەیشتنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییە جیاوازەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی، ناتوانرێت بە تەواوی دیاری بکرێت کە قەبارەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار چەندە و پشکی حکومەتی فیدراڵیشی تێیدا چەند دەبێت.