بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی عاشوراوە، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و کارکردنی پێکەوەیی هێز و لایەنەکان دەکاتەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و بەهێزکردنی بنەماکانی برایەتی.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ساڵیادی عاشورا، یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام حسێن و هاوەڵانییەتی؛ بیرهێنانەوەی سەرکەوتنی حەقە بەسەر نادادپەروەریدا و وێنای قوربانیدانە لەپێناو پاراستنی بەها پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە یادی عاشورا هەڵگری وانە باڵاکانی مرۆڤایەتی و ماناکانی فیداکارییە، کە لە ڕێگەیانەوە هەوڵ بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و دەستپێکردنی ڕێگەی چاکسازی دەدرێت.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئێستا و ڕایگەیاندووە: "لەم ماتەمەدا جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و کارکردنی پێکەوەیی دەکەینەوە، بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەهێزترکردنی برایەتی و پێکەوەیی نێوانمان لەپێناو داهاتوویەکی گەش و چەسپاندنی ئەو بنەما پیرۆزانەی کە قوربانییان بۆ دراوە."