کۆچبەرانی عەفرین تەنانەت دوای کۆچی دواییشیان دەگەڕێنەوە سەر خاک و نیشتمانی خۆیان. ئەمڕۆ کۆچبەرانی عەفرین نەک تەنیا خۆیان و کەلوپەلەکانیان، بەڵکو تەرمی ئازیزانیشیان کە ساڵانێک بوو لە ئاوارەییدا سەرگۆڕ و بێناز بوون، لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە بۆ ئەوەی لە خاکی باوباپیرانیاندا بینێژن و وەسێتی کۆتا ساتەکانی تەمەنیان بەجێبهێنن.
'عەفرین خاکی خۆمانە؛ لێرە دەژین و لێرەش دەنێژرێین'
حەیفا نەعسان، کچێکی گەنجی تەمەن 24 ساڵە، ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ئارمانجی کوڕە تەمەن 3 ساڵانەکەی لە گۆڕستانێکی شاری حەسەکە بە خاک سپاردبوو. بەڵام لە کاروانی کۆتا گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکاندا بۆ گوندی مەعبەتلی لە گوندەواری عەفرین، حەیفا تەرمی کوڕەکەی دەرهێنایەوە و لەگەڵ خۆی هێنایەوە.
حەیفا بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی:
"زۆر بەئازار بوو تەرمی کوڕەکەم لە گۆڕەکەی دەربهێنمەوە، بەڵام لە سەرەتاوە سوور بووین لەسەر ئەوەی بیهێنینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، بۆ ئەوەی هەمیشە بتوانین سەرەدانی گۆڕەکەی بکەین. عەفرین خاکی خۆمانە؛ لێرە دەژین، لێرەش خۆشەویستانمان دەسپێرین بە خاک."
ئارمانجی بچکۆلە لە کانوونی یەکەمی 2024دا تەنیا 20 ڕۆژ دوای ئەوەی خێزانەکەی لە ناوچەی شەهبا بەرەو حەسەکە ڕایانکردبوو لە کاتی هێرشەکەی سوپای نیشتمانیی سووریا (SNA)ی سەر بە تورکیا، کۆچی دوایی کرد. پێشتریش ئەم خێزانە لە ساڵی 2018دا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون" لە عەفرین ئاوارە ببوون.

جێبەجێکردنی وەسێت؛ '100 ساڵی تر بێت بمبەنەوە عەفرین'
لە کاروانێکی تری گەڕانەوەدا، سلاڤا محەمەد عەلی (27 ساڵ) تەرمی باوک، دایک و برایەکەی کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە قامیشلۆ نێژرابوون، هێنایەوە بۆ ناوچەی ڕاجۆ. سلاڤا دەڵێت ئەمە "گەڕانەوەی مافێکی ئەخلاقی و مرۆیی بوو بۆ کۆچکردووەکانمان کە لەو خاکەدا بحەسێنەوە کە پێی ژیاون و تا دوا هەناسە بیری دەکرد."
محەمەد نوور حەنان (20 ساڵ)یش تەرمی فەلەک بەکر باکیر، داپیرە تەمەن72ساڵانەکەی لە گۆڕستانی هیلالیەی قامیشلۆ دەرهێناوەتەوە. محەمەد گوتی:
"داپیرەم هەمیشە دەیگوت: ئەگەر من لێرە مردم و عەفرینم نەبینیەوە، دەبێت تەرمەکەم ببەنەوە عەفرین، تەنانەت ئەگەر100 ساڵی تریش بخایەنێت. کاتێک کاروانی گەڕانەوە دەستیپێکرد، باپیرەم دەگریا و دەیگوت چۆن بگەڕێمەوە عەفرین لە کاتێکدا فەلەک لێرەیە؟ بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ خۆمان بیهێنینەوە."
ئێستا تەرمی فەلەک لە عەفرین و لە گۆڕستانی "مەزارگەی حەنان" نێژراوەتەوە و هاتووەتە سەر خاکی خۆی.

مێژووی چاوەڕوانی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان
لە دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لە ساڵی 2018دا، زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکان ڕێوشوێنی تایبەتیان بۆ ناشتنی مردووەکانیان گرتبووە بەر؛ ئەوان تەرمەکانیان لەناو تابووتی دارینی گرانبەها یان جانتای پلاستیکیدا دەناشت، بەو ئومێدەی ڕۆژێک دێت بیاندۆزنەوە و بیانبەنەوە بۆ عەفرین.
پێشتر بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکان دژی کوردانی ناوچەکە، گواستنەوەی تەرمەکان مەحاڵ بوو. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 و گۆڕانی نەخشەی سەربازی و کۆنترۆڵ، ڕێگاکانی نێوان حەسەکە، قامیشلۆ و عەفرین کرانەوە.
زانا خەلیل، وتەبێژی کارگێڕی ناوچەکە لەم بارەیەوە دەڵێت:
"تاوەکو ئێستا 8 کاروانی فەرمی ڕێکخراون و نزیکەی 15 هەزار کەس (3 بۆ 4هەزار خێزان) گەڕاونەتەوە. بەشێکی تریش بە شێوازی تاکەکەسی گەڕاونەتەوە. ئێستا 90٪ بۆ 95٪ی خەڵکی عەفرین گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تەنیا1 بۆ 2 هەزار خێزان ماون کە نەگەڕاونەتەوە."

تەرمەکان چۆن دەگوێزرێنەوە؟
ئیبراهیم حەفتارۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین لە قامیشلۆ، ڕێکارە یاساییەکانی گواستنەوەی تەرمەکانی بەم جۆرە باسکردووە؛
بۆ ئەوانەی تازە کۆچی دواییان کردووە: پێویستە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری و بەڵگەنامەی فەرمی کۆمەڵەی عەفرین پێشکەش بکرێت بۆ ئاسانکاری لە بازگەکاندا.
بۆ ئەوانەی ساڵانێکە نێژراون و تەنیا ئێسکیان ماوەتەوە: خێزانەکە داواکاری پێشکەش بە کۆمەڵەکە دەکات بۆ سەلماندنی ناسنامە و خزمایەتی مردووەکە، تاوەکو لە کاتی گواستنەوە و پشکنیندا لە ڕێگاکە تووشی هیچ کێشەیەک نەبن.
ڕێکارە ئەمنییەکان: پێویستە بەڵگەنامەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ی ناوچەکەوە مۆر بکرێن پێش دەرهێنانەوەی تەرمەکە.