سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ئاژانسەکەیان ئەرکی فەرمی پێسپێردراوە بۆ چاودێریکردنی بەشە ئەتۆمییەکەی ڕێککەوتنەکە و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری دەکەن تاوەکو بە زووترین کات لیژنەیەک بنێرنەوە تاران.
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەم یاداشتنامەیە بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکات کە بەشی ئەتۆمیی یاداشتەکە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت. بۆ ئەوەی بتوانین سەرپەرشتیشی بکەین، پێویستە پشکنین ئەنجام بدەین، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە."
گرۆسی لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە ناوخۆی ئێران ئاشکرای کرد کە "کارە تەکنیکییەکان دەستیان پێکردووە و هیوادارین بەم زووانە لەوێ بین."
گوتیشی "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێت دەستڕاگەیشتن و پشکنینی تەواوی هەبێت؛ من ئامادەم بەردەوام بم لەسەر کارە تەکنیکییەکان و لە زووترین کاتدا لەوێ ئامادە بم."