عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا ئەمنیی و چاودێرییەکان، جەختی لەسەر ڕژدبوونی حکومەت کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی و ئابووریی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەندەڵکاران کراوە و سەرۆکوەزیران داوای کردووە هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان هەبێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی و پاراستنی سامانی گشتی.
عەلی زەیدی داوای کردووە ڕێکاری توند بگیرێتەبەر بۆ ڕاوەدونان و دەستگیرکردنی ئەو باند و کەسانەی دەستیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و سپیکردنەوەی پارەدا هەیە.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری داوە لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت بە توندترین شێوە بەرپەرچی ئەو دیاردەیە بدرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لێی پارێزراو بێت.
سەرۆکوەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاكسازیی حکومەت و سەروەربوونی یاسا، پێویستی بە هەڵمەتی بەرفراوان و هەمەلایەنە هەیە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە تەنیا ئەرکی لایەنێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە.