بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی میدیای تورکی، چاوەڕوان دەکرێت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئەم سەردانە لە دوای سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ دەباشان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دێت.
بەرپرسەکەی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پشتگیری لە "پرۆسەی نوێی چارەسەری" لە تورکیا دەکەن و پێیان وایە بەردەوامبوونی ئەو گفتوگۆیانە بۆ بەرژەوەندی و ئارامیی ناوچەکە گرنگن.
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی تورکیا ئاراستەی یەکێتیی کردبوون سەبارەت بە پشتیوانیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها کەوتنی هەلیکۆپتەرەکەی سنووری دهۆک، گرژیی زۆری بەخۆوە بینی.
ئەو دۆخە گەیشتە ئەوەی تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا دابخات.