سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی بە فەرمی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی مامۆستایەکی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان ڕەوانەی فەرمانگەی داواکاری گشتی دەکات بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریدا.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی و نهێنی نووسراوەکە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانییەوە لە ڕێککەوتی ١ـی تەممووزی ٢٠٢٦ بە ژمارەی ٢٨/٩٣٥ ئاڕاستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی (لیژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی) کراوە.
لە نووسراوەکەدا کە بە ئیمزای سەرۆکی زانکۆ، پرۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محەمەد عەلی دەرچووە، ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆوە کراوە بەپێی فەرمانی زانکۆیی ژمارە (٨٦٥/٢٤) لە ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
لێکۆڵینەوەکە تایبەت بووە بە گەیشتن بە ڕاستی و ناڕاستی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لەبارەی نامە دەنگییەکانی مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) بڵاوبوونەتەوە.
سەرۆکایەتیی زانکۆ ڕایگەیاندووە کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکە و پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە، بەهۆی بوونی ڕەهەندی سزایی لە وەسفی گشتیدا، داوا لە داواکاری گشتی دەکەن ڕێکاری یاسایی پێویست لەبەرامبەر ناوبراودا بگرێتەبەر و سەرجەم هاوپێچ و بەڵگەنامەکانی تریشیان ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە.