گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بایکۆتی پڕۆسەی سیاسییان نەکردووە، تەنیا پەرلەمانتاران و وەزیرەکانیان بۆ ڕاوێژ بانگکردووەتەوە هەولێر، دەشڵێت، هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ لە پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی لە ئارادا نییە.
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، پارتی بڕیاری بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراقی نەداوە، ئەوەی هەیە بانگکردنەوەی ستافی بەغدادبووە بۆ ڕاوێژکردن بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، هەنگاوەکانی دواتریش کەوتووەتەوە سەر چۆنییەتی پەیوەندییە سیاسییەکانی داهاتوو و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هیچ شتێکی نوێ لە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە.
ئەوەش دوای ئەوەدێت پارتی بایکۆتی دانیشتنی 11ـی مانگی ڕابردووی پەرلەمانی کرد، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، وەک سەرۆککۆمار و پاش ئەوەش ستافی حوکمیی و پەرلەمانیی پارتی لە بەغداد گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.