سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی گوژمەی هەشتەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە کۆی گشتییەکەی زیاتر لە 76 ملیار دینارە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بڕی 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران دابەش دەکرێت.
بەپێی دابەشکردنەکە، بڕی 29 ملیار و 93 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، 24 ملیار و 815 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی هەولێر، و 22 ملیار و 385 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی دهۆک خەرج دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و کارئاسانیکردن، کار لەسەر پێدانی ئاسانکاری و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە گەنمی جووتیاران دەکڕنەوە و هەناردەی دەرەوەی دەکەن.