بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنوری کەسنەزان، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا و تۆمەتباری تاوانەکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، کاتژمێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیس ئاگادار کرایەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی (پیرەش)ی سەر بە سنوری بنکەی پۆلیسی کەسنەزان.
دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت کە ژنێک بە ناوی (سوسن ئیبراهیم محەممەد) لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە، تۆمەتباری ناوبراو لەلایەن مەفرەزەی بنکەی کەسنەزانەوە بە هاوکاریی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە.