قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی کۆمپانیای "هابیکا" بەدواداچوونی بۆ قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی کارەکانی هەردوو پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی (گۆپتەپە – چەمچەماڵ) و (هێڵی ٣ی دوکان – سلێمانی) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی بڕیاری دا لەسەر خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی تایبەت بە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ. هاوکات دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کارەکانی ئەو پڕۆژەیە بەڕێوەدەبەن و بەرەوپێش دەبەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە ئەولەوییەتی سەرەکیی کارەکانیاندایە و پێویستە بەپێی ئەو وادە و پلانە کاتییەی کە بۆی دیاریکراوە، بەبێ دواکەوتن تەواو بکرێت.