ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەو قۆناغە نوێیەی هاتووەتەپێش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مۆدێلێکی پەروەردەیی لەسەر بنەمای هەمەجۆریی سووریا و هاووڵاتیبوونی یەکسان بنیاد بنێین.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر باسی لەوەش کردووە، لە دەستپێکی قۆناغی نوێی سوریا پێویستە مافی خوێندکاران و مامۆستایانی ڕۆژاڤا پارێزراو بێت.
گوتوشیەتی، ئەو خوێندکارە کوردانەی بە زمانی دایک پەروەردەیان بینیوە، لە قوتابخانەکانی حکومەتدا تووشی ئاستەنگی وەک ئەزموونەکان بە زمانی عەرەبی، وەرگێڕان و بڕوانامەدارکردنی دیپلۆمەکانیان دەبنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، هێشتا میکانیزمی وەرگرتنی خوێندکاران و مامۆستایان هێشتا ڕوون نییە و پێویستە لە شارەکانی وەک کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ، حەلەب و عەفرین ڕێکاری یەکگرتوو و روون پەیڕەو بکرێت.