رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی "کۆبوونەوەی گەنجان" لە شاری سامسۆن ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لە پرۆسەی چارەسەری، هێنانەدی کەشێکی ئارام و سەقامگیرە لە تەواوی ناوچەکەدا.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکی گەنجاندا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پرۆسەی چارەسەری ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر شەڕ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ زۆر فراوان بوو، بەڵام ئێستا ژیان لە ناوچە کوێستانییەکان و لەوەڕگەکاندا ئاسایی بووەتەوە و هاوڵاتییان دەتوانن بە ئاسوودەیی و ئارامی سەرقاڵی ئاژەڵداری و چالاکییەکانیان بن.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجی پرۆسەکە بنبڕکردنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی ژیانی هاوڵاتییان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و ناوچە سنوورییەکانە، تاوەکو چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ ئاستەنگ بەردەوام بن.