عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لە لایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێکرا. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیەکانی ئاو، وەبەرهێنان و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئێسێنبۆغا لە ئەنقەرە و لەلایەن عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.
کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەش لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە کۆشکی کۆماری لە لایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێکرا و دەستیان بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی کرد.
پێش کۆبوونەوەی لووتکە، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی بەغدا و ئەنقەرە بە بەشداریی خاوەنکار و بازرگانانی تورکیا بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و برەودان بە ژینگەی وەبەرهێنان کرایەوە.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X ڕایگەیاندبوو کە لەم سەردانەدا چەند پرسێکی گرنگ وەک وەبەرهێنان، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" و ئارامیی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن تاوەکو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ دابین بکرێت.