لە ئامەد هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ گفتوگۆ و نوسین بە زمانی کوردی لە بازاڕەکانی شارەکە دەستیپێکردووە.
ئەم هەڵمەتەی شارەوانی ئامەد، لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستیپێکردووە.
عاریفە ئاسڵان، هاوسەرۆکی پلاتفۆرمیی دامودەزگا دیموکراتیکەکانی وان ڕایگەیاند: زمان شەرەف و شوناسی هەموو نەتەوەیەکە، هەروەها توخمی بنەڕەتی نەتەوەبوونە، ئێمەش لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین.
وتیشی، ئەم چالاکییانە بریتی دەبن لە پانێڵ، ڕێپێوان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی، نمایشی شانۆ، نمایشی فیلم و دۆکیۆمێنتاری، بۆنە شانۆییەکان بۆ ژنان و منداڵان و چالاکییەکانی دەنگبێژی.
ساڵانە لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە باکوری کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن.
لە ئێستادا چاوەڕواندەکرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەردەچن، مافی خوێندن بە زمانی کوردی لە باکوری کوردستان بکرێتە فەرمی.