هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم گیراوانی سیاسی لە تورکیا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەبێ ئازادکردنی سەرکردە و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان، کۆمەڵگە متمانە بە هیچ پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەریی ناکات.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە سەردانێکی هاوبەش بۆ زیندانیان دۆزی "گێزی" ڕایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت داهاتوویەکی نوێ بۆ تورکیا بنیادبنێین پێویستە دەستبەجێ، سەرجەم گیراوانی سیاسیی لە زیندانەکان ئازادبکرێن.
باکرهان گوتیشی، "ئەم وڵاتە پێویستی بە زیندان نییە بەڵکو پێویستی بە یاسای ئاشتی هەیە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت داهاتوویەکی هاوبەش بنیاد بنێین پێویستە، فیگەن یوکسەکداغ، سەلاحەدین دەمیرتاش و جان ئاتاڵای بەزووترین کات ئازاد بکرێن. جەختی لەوە شکردەوە، ئەگەر گیراوانی سیاسیی ئازاد نەکرێن، کۆمەڵگەی تورکیا بەهیچ شێوەیەک متمانە بە پڕۆسەی چارەسەریی ناکات.
گوتیشی، پێویستە دەستبەجێ بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت. هەروەها پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەت کرد و گوتی، "با پێکەوە ئاشتی بنیاد بنێین، ئێمە خاوەن ئیرادەیەکی وەهاین و پێویستە حکومەتیش ئیرادەی هەنگاوی نوێ لە پڕۆسەی چارەسەریی نیشان بدات."
جێگەی ئاماژەیە، ماوەی ساڵێکە پڕۆسەی چارەسەریی لە تورکیا و باکوری کوردستان لەدوای بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستی پێکردووە، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر هەنگاوە کردەییەکانی حکومەتە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە.